Рет қаралды 144
ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی پەیام...
ئەمە نمونەیەکە لە بەرهەمی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، کە نمایشی دوور لە کلتور و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری دەکات.
ئەمەش نمونەیەکە لە بەرهەمی ڕاگەیاندنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، کە هەموو پەیامەکانی بە ئاڕاستەی پاراستنی شیرازەی خێزان و پەیام و بەها بەرزەکانە.
لە پاش ساڵانی 2007ـەوە بە ناوی کرانەوە و کۆکردنەوەی کلتورە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان جۆرێک لە میدیا بە پاڵپشتی حزبی دەسەڵاتدار لەدایک بوو کە کار لەسەر هێنانی کلتوری بێگانە و تێکدانی خوڕەوشتی بەرزی کۆمەڵگا و کاڵکردنەوەی بەها ئاینییەکان لە نێو تاکەکاندا دەکات.
ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانە هەموو سەرنجێکیان لەسەر گۆرانیبێژ و کچە مۆدێل و سەما و ئەو بابەتانەیە کە بە کۆمەڵگەی کوردی نامۆن، لە ماوەیەکی کەمدا دەیان کەس بە ناوی کچە مۆدێل لە کوردستاندا هەڵتۆقین و ناویان دەرکرد کە جل و بەرگ و شێوازی قسەکردن و کارەکانیان بە تەواوی لەگەڵ کلتوری کوردی یەک ناگرێتەوە.
ئەم کەناڵانە ستۆدیۆی بەرنامەکانیان دەکەن بە شوێنی سەما و نمایشی جلی نیمچەڕووت کە کاریگەری خراپ لەسەر تاکی کورد بە گشتی و گەنجان بەتایبەت جی دەهێڵێت.
هاوکات لە نێو بەشی فیلم و درامادا تەنها ئەو فیلم و درامایانە وەردەگێڕن و پەخش دەکەن کە باس لە خیانەتی هاوسەرگیری و تێكەڵی کوڕ و کچ و نەبوونی سنورێک لە نێوان ڕەگەزە جیاوازەکان و کوشتن و بڕینی بێ ئامانج و زۆرجاریش دیمەنی نەشیاوی ڕووت و نیمچەڕووت دەخەنە سەر شاشەکانیان بێ ئاگا لە کاریگەرییە خراپ و مەترسیدارەکانی.
لە بەرانبەردا کۆمەڵی دادگەری کوردستان و تۆڕی میدیایی کۆمەڵ بە هەموو دەزگا ڕاگەیاندنەکانییەوە کە خۆی لە دوو کەناڵی ئاسمانیی و کەناڵێکی ناوخۆیی و دەیان ڕادیۆ دەبینێتەوە پاراستنی شیرازەی خێزان و بەزیندوو هێشتنەوەی بەها بەرزەکانی ئیسلام ئامانجی سەرەکییەتی.
کەناڵی ئاسمانیی پەیام جیا لەوەی کە کەناڵێکی هەواڵییە و لە دیوە سیاسییەکەیدا بووە بە سەکۆی ستەملێکراوان و دژی گەندەڵی و نادادی دەوەستێتەوە، هاوکات لە ڕێگەی دەیان بەرنامە و هەواڵ و ڕاپۆرتەوە کار لەسەر گەیاندنی پەیامی بەرزی ئیسلام و مسوڵمانان دەکات، لە هەرکوێ کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بۆ باڵاپۆشی و قورئان لەبەرکردن و ئاشتی و ئاشتەوایی خێزان و پێشبڕکێی بەسوود و ئاهەنگ و مەڕاسیمی پەیامدار هەبێت تیمەکانی کەناڵی پەیام ماندوو نەناسانە و بێ جیاوازی لەو شوێنە دەبینرێن و مایکی پەیام بووە بە لۆگۆیەک کە لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوە و مەڕاسیمێکدا هەبێت هاووڵاتیان بە دیارییەوە دادەنیشن و دڵنیان لەوەی کە شتی باش و بەسوودی تیایە.
هەروەها کۆمەڵی دادگەریی کوردستان خاوەنی کەناڵی ئاسمانیی بانگەوازە، کە تایبەتە بە بانگەواز و پەروەردە و بووە بە میمبەرێک بۆ هەموو ئەو مامۆستا و زانا و ڕۆشنبیر و نوسەر و کەسایەتییانەی کە خاوەن پەیامن، هەروەها ئەو مامۆستا ئاینیانەی کەبەهۆی ئەوەی زیانی بۆ پەزەکانیان هەیە، دەسەڵات لە میمبەر دووریخستوونەتەوە کەناڵی بانگەواز بووە بە میمبەر و سەکۆی گەیاندنی پەیامەکانیان.
کەناڵی کۆمەڵ تی ڤی کە لە نێو پارێزگای هەولێرەوە پەخش دەکات و پەخشەکەی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستانە، خاوەنی دەیان بەرنامەی کۆمەڵایەتی و ئاینی و هونەرییە کە سەرجەمیان لە خەمی شیرازەی خێزان و داب و نەریتی ڕەسەنی کۆمەڵگەی کوردەواریدان.
بەدەر لەمانەش کۆمەڵی دادگەریی کوردستان چەندین ڕادیۆی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان هەیە، کە هەموویان بە خەم کۆمەڵگە و ئارامی و ئاشتی و ئاسایشی هاووڵاتیانەوەن.
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، خۆتان ببن بە دادوەر و بەراورد لە نێوان میدیا و ڕاگەیاندنی کۆمەڵی دادگەریی و میدیا و ڕاگەیاندنەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان بکەن، خۆتان ببینن کە کەناڵی پەیام چۆن کار لەسەر پاراستنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگا و کلتوری ڕەسەنی کوردەواری و دیوی ڕاستەقینەی ئەم میللەتە دەکات، تەماشاش بکەن کە ئەو کەناڵانەی کە لەسەر بودجە و مووچە و قوتی ئێوەی بەشمەینەت پاڵپشتی دەکرێن چۆن هەموو کاریان بووە بە ساختەکردنی ئەخلاق و رەوشتی بەرزی کورد و هێنانی دیمەنی نەشیاو و فیلم و درامای بێ پەیام کە بە هەزاران ئەڵقە کار لەسەر تێکدانی دەروونی هاووڵاتیان بە گشتی و گەنجان بەتایبەت دەکات.