Рет қаралды 10,598
یادی شەقامێکی منداڵی
شۆستە زێڕینەکانی تۆ، ڕۆژێک جوانترین ماڵی ئێمەبوون
دیواری بەر کۆشکەکانی تۆ، شوێنی سپی یادگارەکانمان بوو
ھەر کاتێک بمانویستبایە یار بگرین
بە زەردەخەنەی عەشقەوە دەھاتینە سەر ڕێگا ساردەکانی تۆ
ھەر کاتێک بمانویستبایە شەڕ بکەین
بە چەقۆوە دەھاتینە ژێر چرا غەمگینەکانی تۆ
بە دەستکێشەوە لە نابەینی دوکانەکانی تۆدا، پەپولەی خوداییمان دەگرت
بە ئاھەوە لەسەر کوچەکانی تۆدا، دەستمان بۆ ئەستێرە دەبرد.
کە تۆ دەبوویت بە سەھۆڵی سپی، ئێمە ئاگرمان دەھێنا.
کە تۆ دەبوویت بە بەھار، ئێمە دەبووینە دێوانە
لەسەر ئەو شۆستە ڕەقانە لالەمان سەوز دەکرد، نەسرینمان دەڕواند، ھێرۆمان دەچێنا.
ئەی شەقامی منداڵی من، تۆ لە کوێیت؟
بۆ وەکو ئیمانێکی کۆن کە لە گۆڕی جەنگاوەرانەوە ھەستێ زیندوونابیتەوە
ئیشی تۆ ئەوەیە، لەسەر پێخەفی مردن کۆمەک بە ڕۆحمان بکەیت
بۆ وەکو مردویەک میھرمان پێبکەیت، لەم وێنەیەوە ھەڵناسیت
بۆ نایەیتەدەر لە خەیاڵ، بۆ نایەیتەدەر لە وەھم، بۆ ھەڵنایەیت لە یادگار
تاکەی لە ویژدانماندا وەك شەقامێکی پڕ خەون و ئەفسانە بۆ دوور دەڕۆیت.
تاکەی دەڕۆیت بۆ دەریا و ئێمە نابەیت
بۆ بە سەراب دەگەیت و بە من ناگەیت؟
ئیشی تۆ ئەوەیە باڵدارە خەیاڵییەکانی خۆت بەردەی
ئیشی تۆ ئەوەیە سەرکەویت بە پیریماندا، نائومێدیمان لاببەیت، غەربیمان لێدەرکەی
ئەی شۆستە زێڕینە دوورەکان
شەوێک جوانترین لانکەی ئێمە بوویت. ئێستا وەک یەکێ بە پەتێکی باریکدا، بەزاری بورکاندا سەرکەوێت. ئێستا وەک یەکێ لە دوا ھەناسەی دوا نمایشدا، دوا ڕستە بڵێت، دوا دیمەن دەرکەوێت. بە کوچەی پیریدا سەردەکەوین و بەیانی لێرەنین. ئیشی تۆ ئەوەیە، باڵندە ببەخشی، گەڵامان پێبدەیت تا ھەبین، دەمرین و بە یادی شادیتدا ناگەین، بەڵام دەزانین، بەبێ تۆ ھیچ نین، بەبێ تۆ ناڕۆین، بەبێ تۆ ناگەین.
Yadi Shaqameky Mndalli - Bachtyar Ali