Рет қаралды 2,676
رواندز دەکەوێتە پارێزگای ھەولێر و لە رۆژهەڵاتەوە 10 کیلۆمەتر لە تاڤگەی بێخاڵەوە دوورە و 123 کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوورە. بە چیاکانی کۆڕەک لە باشوور، ھەندرێن لە باکوور، چیای زۆزک لە رۆژئاوا و چیای برادۆست لە رۆژھەڵاتەوە دەورە دراوە.
مێژووی ئەم شارە بۆ سەردەمانی پێش زایین دەگەڕێتەوە و لەگەلێک سەردەمدا پایتەخت بووە. لە ساڵی (722 پ. ز - 705 پ. ز) پایتەختی دەوڵەتی ئۆراتۆ بووە کە بە (موساسر) ناویان دەبرد، لە سەردەمی میرنشینی سۆرانیشدا پایتەختی ئەم میرنشینە بووە، ئەم شارۆچکەیە لە رابردوو و ئێستادا مەڵبەندێکی پێشکەوتوو بووە لە ناوچەکەدا و لە ساڵانی (1813ز) دا کارگەی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی و سکەی راکێشانی دراوی لێ بووە، کە (وەستا رەجەب) سەرپەرشتی دەکرد. ھەر لەم شارۆچکەیەدا لە ساڵی (1924) یەکەم ژمارەی گۆڤاری (زاری کرمانجی) لەلایەن حوزنی موکریانی بەچاپ گەیەنراوە و ئێستا رواندز یەکێکە لەو شارۆچکانەی کە ساڵانە گەشتیاران سەردانی دەکەن بە تایبەت بۆ بینینی خەرەندی رواندز.
تۆپی وەستا رەجەب
لەسەرەتای سەدەی (19)ی زایینیدا میر محەممەد پاشای رواندزی توانی سنووری میرنشینی سۆران فراوان بکات و بۆ پاراستنی ئەو سنوورەش بیری لە دروستکردنی کارگەی چەک و تەقەمەنی کردەوە. وەستا رەجەب وەک داھێنەرێکی ناوچەکە دەستی بە دروستکردن و بنیاتنانی ئەم کارگەیە کرد و یەکەم تۆپی عیار (2) لە ساڵی 1814زایینی دروست کرا. لەدوای ماوەیەک توانی چەندان تۆپی دیکە بە عەیاری جیاواز دروست بکات، کە ئێستا یەکێکیان لە شارۆچکەی رواندز پارێزراوە و یەکێکی دیکەش لە مۆزەخانەی سەربازی عێراقی پارێزراوە. ھەر لەم کارگەیەدا (دراو) و شمشێر و خەنجەر و کەلوپەلی ناوماڵ و راکێشانی سکەی دراوی لێ دروست دەکرد. ھەندێ بۆچوونی مێژووی دامەزراندنی قەزاکە بۆ ساڵانی 627 و 904 ی کۆچی دەگەڕێننەوە.
بەرهەمی ساڵی 2013