Рет қаралды 17,324
لە بەرنامەیەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراسدا مەرجە تەندروستەکانی شووشتنی جلوبەرگ باسکران و پسپۆڕێک ئاشکرای دەکات، پاککەرەوە شلەکان لە پاککەرەوە تۆزەکان تەندروستتر و باشترن، هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەدا پسپۆڕێکی میزەڕۆ باس لە هۆکارەکانی رەپنەبوونی چووک دەکات و دەڵێت: ''نێرگەلە، جگەرە و کحول لە هۆکارە سەرەکییەکانی رەپنەبوونی چووکن.''
پسپۆڕێکی کیمیای ژیانی مەرجەکانی جلشۆردنێکی تەندروست دەخاتەڕوو و رایدەگەیێنێت، دەبێت جلی رەنگاوڕەنگ لەگەڵ جلی رەش و سپی جیابکرێنەوە و تەنانەت جلی منداڵان و جلی گەوران بە جیا بشۆرێن.
د. سۆما مەجیدی، پسپۆڕی کیمیای ژیانی کلینیکی لە بارەی جۆری پاککەرەوەکانەوە دەڵێت: ''دەبێت بەگوێرەی پێکهاتەی جلوبەرگەکە بەکاربهێندرێن''، هەروەها روونی دەکاتەوە، پاککەرەوەی تایبەت بە جلوبەرگی منداڵان و گەوران دەبێت جیاوازبێت.
بە گوتەی د. سۆما مەجیدی، لەکاتی شۆردندا پێویستە جلی منداڵ و گەورە جیابکرێنەوە و پێشنیازدەکات کە گوڵاو لەجیاتی بۆنخۆشکەری کیمیایی بۆ جلەکان بەکاربێت، سەبارەت بە هەڵخستنی جلوبەرگیش گوتی، ''لەکاتی هەڵخستن دوو دیوی جلەکە بەریەکدی نەکەون، چونکە دەبێت هەوا بەر هەردوو دیوەکە بکەوێت.''
لە بەرنامەکەدا جلشۆرێکی ئۆتۆماتیکی هێندراوەتە نێو ستۆدیۆ و د. سۆما باسی چۆنیەتی جلشۆردن دەکات، رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە لەکاتی بەکارهێناندا جلشۆر پڕنەکرێت لە جل و کەمترین بڕی پاککەرەوەکان بۆ جلشۆردن بەکاربهێندرێت، بەجۆرێک ئەگەر لەسەر بەهەمەکە نووسرابوو کوپێک ئەوا پێویستە نیو کوپ بەکاربێت.
هاوکات ئاماژەش بە تایدی دەستی دەکات و دەڵێت: ''تایدی دەستی بۆ جلشۆری ئۆتۆماتیک بەکارنەهێندرێت''، هەروەها ئاماژە بە مادەیەکی نێو تاید دەکات بەناوی 'فۆسفەیت' کە دەبێتەهۆی دروستبوونی قەوزەی نێو ئاوەڕۆکان، سەرئەنجام هۆکارێک دەبێت بۆ پیسبوونی ژینگە.