Рет қаралды 3,867
هەیەجانێک .. بۆ هەڵەبجە
سیروان دەخیلە ئاگر دەبارێ
شەپۆلێ بە گوڕ بهاوە جارێ
ڕەشماڵانی جاف هۆبەی دەشت و دەر
کەوای پولەکەی گڕیان کردە بەر
بەرداشی ئاشی ئاشوبی گەردوون
بە ناخی کورددا کەوتە هات و چوون
شیوەن دەگێڕێ دایک لە هەرددا
قوڕ دەگرێتەوە بیکا بەسەردا
زریکەی ساوای مەلۆتکە کراو
دێ لە ناو ماڵ و حاڵی بەجێماو
ئاگر لەدەوری لانک بەربووە
ئاسمان هەناوی کوناودەر بووە
منداڵ پشتوێنی باوکی توند ئەگرێ
باوک بەڕێوە ئەکەوێ و ئەمرێ
لەولاوە خوشک دەیەوێ ڕاکا
خۆی بەقوربانی باوک و برا کا
ئەو پێ ڕاناگا یەخەی خۆی بدڕێ
چۆلەکەی گیانی بۆ ئاسمان ئەفڕێ
قەتارەی خێڵی وێڵی کۆڵ بە کۆڵ
بەرد وە دەنگ دێنێ ئەم دۆڵ و ئەو دۆڵ
ئەم پێی زامارە لە کۆڵی ئەوا
ئەو چۆک دادە دا لە نیوەی ڕەوا
زەڵم بە پەرۆش، سیروانە ڕێگەی
بەڵام باخی میر سووتاونە جێگەی
سیروان دەخیلە، دەشتی شارەزوور
سەوزی دەپۆشی، هەڵگەڕا بە سور
دەمی بەهارە جەژنی دەشت و کۆ
بۆ لەبار بچێت نێرگز و شەوبۆ
کام دار، کام دەوەن، کام چڵەگییایە
ئەم ئێستا پچەک هەناسەی تیایە
دوندی شەمێران، هەواری هەڵگورد
پرسە دەگێڕن بۆ ئەم حاڵەی کورد
ترۆپکێ چەوی شاخی هەورامان
بە دووکەڵ ئامان، لە خوێنا دامان
چیای شرام و کەژی ئاسەوەر
غەرقی خەردەلن، پێ تا تەوقی سەر
شیوی دەرەقوڵ چەمی خواجایی
بسکی خۆ دەڕنن لە تاو کیمیاوی
چەم و جۆباری پڕ مرواریم ڕۆ
سروشتی جوانی کوردەواریم ڕۆ
خاکی بەراو ومێرگی شینم ڕۆ
مەندیلی کەژی بلورینم ڕۆ
بناری چڕی دارستانم ڕۆ
بێستانی ووشکی کوردستانم ڕۆ
جۆلانەی داری قەدپڵانم ڕۆ
هەزا ران خەونی منداڵانم ڕۆ
بەهەشت وقیبلەی دڵدارانم ڕۆ
جێ ڕاز و نیازی نازداارنم ڕۆ
سیاچەمانە و لەنجە گیانم ڕۆ
قاڕەی مێگەل و هۆرەی شوانم ڕۆ
خانەقا و تەکییەی باپیرانم ڕۆ
لانکەی عارف و شاعیرانم ڕۆ
ئەرێ هەی داد، هەی داد هەی
ئاسمان دەخیلە بارانێک داکە
خەڵک شپرزە و گەلێک هیلاکە
گەر ڕۆژی حەشرە و مەرگە و کۆتایی
ئێمەش ئامادەین بۆ ماڵئاوایی
بەڵام وا تازە خەڵکی لە ژینا
دەگەرێن بەناو کەونی بەرینا
بۆ دەبێ ئێمە لە بستە خاکێ
هەموو دەم ڕەوکەین لە دەست زوحاکێ
سیروان دابەستەی خاکی چەند ساڵە
چاوی بێ خەمی مێژووی ئەم حاڵە
بە خوڕ داگەڕێ بە گەرمەسێرا
بە ناو کەندەڵان، بە خاکی سوێرا
هەڕەشەی گڕ و ئاسن بنێرە
خۆبادان لەوێ و زرموکوت لێرە
شاری شەهیدان، شاکاری خۆشی
تارای پیرۆزی شۆڕشی پۆشی
ئەم خاکە خاکی کوردی دلێرە
بێشەی پڵنگە و جەنگەڵی شێرە
هەر کوردزوبانێک لەم گەلە تیاچێ
دڵۆپێک خوێنی بە فیڕۆ ناچێ
خوێنم خەڵاتی ئاڵای سور ئەکەم
بۆ هێرۆشیمای شارەزوورەکەم