Рет қаралды 41,872
کورتەیەك لە ژیانامەکەی
لە ساڵی ١٨٠٦(١٢٢١ی کۆچی) لە گوندی سەرشاتەی ناوچەی تاوگۆزی باشووری کوردستان لە دایک بووە. لە سەرەتادا لە حوجرەکەی باوکی لە دێی بێژاوە لە نزیکی هەلەبجە دەست دەکات بە خوێندن و دواتریش بۆ درێژە پێدان بە خوێندنەکەی ڕوو لە خوێندنگە بەناوبانگەکانی ناوچەی ئەردەڵان و بابان دەکات. مەولەوی بەشی زۆری تەمەنی بە ھەژاری بەسەربردووە، ئەو کاتەی لە سەرەتای خوێندندا بووە باوکی مردووە، ناچار بۆ بەخێوکردنی خوشک و براکانی وازی لە خوێندن ھێناوە بۆ ماوەیەک و پاشان گەڕاوەتەوە سەر خوێندنەکەی. لە سلێمانی لای مەلا عەبدولڕەحمانی نۆدشیدا کەموفتی سلێمانی و مامۆستای مزگەوتی مەڵکەندی بووە خوێندنی تەواو کردووە و ئیجازەی دەرس وتنەوەی وەرگرتووە. دیسان گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکانی دەوروبەری ھەڵەبجە و دواتریش لە سەرشاتە خۆی بە مەلایەتی و نووسینەوە خەریک کردووە. عەنبەرخاتوونی ھاوسەری حەوت ساڵ بەر لە خۆی مردووە. ئەمەش کارەساتێکی گەورە بووە و کاریگەری زۆری کردۆتە سەر شێعرەکانی مەولەوی. مەولەوی لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا کوێر بووە و ئەمەش کاری زۆر کردۆتەسەر دەروونی و لە چەند پارچە شێعردا دەردەکەوێت. ھەروەھا کارەساتێکی دیکەش کە بەسەر مەولەویدا ھاتووە، سووتانی کتێبخانەکەی بووە و گومانیش لەوەدا نیە کە بەشێک لە کار و بەرھەمەکانی تێیدا سووتاوە. مەولەوی لەساڵی ١٨٨٢(١٣٠٠ کۆچی) کۆچی دوایی ئەکا و لە گۆڕستانی ئەسحابە لە سەرشاتە نێژراوە.