Рет қаралды 388
#سەعاتەکانی_وەڕسبوون
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "٦"کۆتایی
تەنیایی هەڵمئەسێنێ و
ئەچینە ناو موبەقەوە،
سەلاجەکە ئەکەمەوە..
دەست ئەبەم بۆ دەنکێ ترێ،
لە هێشوەکەی ئەکەمەوە..
سەلاجە دائەخەمەوە
لەبەر خۆوە، گۆرانیەکەی "تایەر تۆفیق"،
"کراس زەردێ "ئەڵێمەوە.. بێدەنگ ئەبم.
تەلەفۆنێکم بۆ ئەکرێ، ژنێکی ناسیاو و ئەڵێ
کچمان بووە و ناوێکی خۆشمان لێت ئەوێ..
باشە باشە بۆ سبەینێ.. تەلەفۆن ئەکوژێنمەوە..
لەوحەیەکی ژووری میوان،
من و تەنیایی ڕائەگرێ..
داریکی پاییزە و بەسەر جۆگەیەکی بێوەژندا ئەگری.
لە ئاسۆدا، دوو ڕەنگ تێکەڵ بە یەکتر بوون،
ئەڵێی ژن و پیاون، جووتبوون،
لە ناوەڕاستی تابلۆدا..
هەورێ، دەمی داپچڕیوە و
لە دەمەوە پۆلە مەلێکی بریندار دێنە دەرێ،
لە دامێندا ڕوخساری لێڵی ئافرەتێ،
وەکو ڕووبکاتە خودا و بڵێ: گەوری گەردوون!
ئادەم بەس بوو دروستی کەی، بەبێ حەوا.
بۆ جووتبوون و زاووزێش،
ئەی گەورەی گەورە.
هەر لە ڕانی ئادەمدا خۆی کونێکت تێبکردایە،
وەکوو ڕەحم و ئەم هەموو سەریەشە زۆرەی ئەمڕۆت نە تووشی ئێمە ئەکرد و
نە ئەیشبووە مایەی سەریەشە بۆ خۆی...
ئەچمەوە سەر کورسیەکەم خۆم،
دیسان تەنیایی دێتەوە و بەرامبەرم دائەنیشێ.
بە لاچاوێ سەیری سەعاتی سەر دیوار ئەکەم،
درەنگ بووە و لە نیوە شەویش لای داوە،
وەکو هەندێ لە سیاسەتمەدارانی
زۆر بێ ئاگای وڵاتەکەم، لەم دنیایە
باوێشکێکی درێژ ئەدەم.
وەک زۆر پرۆژەی پاڵکەوتووی چەندین ساڵە،
بە پشتا خۆم ئەکێشمەوە
هەڵئەسم و ئەچمە ژوورێ،
بەڵام بەرلەوەی ڕاکشێم،
بەرامبەر ژنی سەر فەرشی هەڵواسراو
بە ژوور سەرمەوە،
ڕائەوەستم و چاو ئەبڕمە چاوەکانی،
گەردنی بەرز، لووتی قنج و، پێستی سپی،
وەک تیایاندا بتوێمەوە وایە.
ژنی سەر فەرش، ئەویش بزەیەک ئەگرێ و
وەک چاوەڕوانی شتێ بێ.. چاوەڕوانە
چاوەڕوانە بانگی ئەکەم بێتە خوارێ،
ژنی سەر فەرش، بە ئەسپایی
بە پاوانە زیوینەکەی،
"بەلەک"ییەوە.. دێتە خوارێ،
تەنیایی وەکو شەرم کات،
ژوورەکە بەجێ ئەهێڵێ و پاڵ ئەکەوم.
ژنیش دێت و لەلامەوە پاڵ ئەکەوێ...
دەستێک ئەکەمە گەردنی و
بە جووت خەومان لێئەکەوێ.
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی "
#خێراکە_مردن_خەریکە_بگات "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
#شعر_کوردی #شێرکۆ_بێکەس #سەعات #شعر
@hamidtavaana