Рет қаралды 37,958
کۆچەر بیرکار لە ساڵی 1978 لە گوندی "نێ"ـی سەر بە مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. وەک خۆی دەڵێت، هەر چاوی کردووەتەوە شەڕی عێراق و ئێران دەستیپێکردووە.
ئەو پڕۆفیسۆرە کوردەی بیرکاری، خەڵاتی فیڵدزی بواری بیرکاری، کە بە نۆبڵی ئەو بوارە دادەنرێت لەگەڵ سێ پڕۆفیسۆری دیکە لە بەرازیل بەدەستهێنا.
لەبارەی منداڵی خۆی، کۆچەر بیرکار لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی "تاوەکو ئەو شوێنە لەبیرم بێت، یەکەمجار کە هەستم کرد حەز لە بیرکاری دەکەم پۆلی پێنج بووم. زۆریش خەریکی نەدەبووم بەڵام باشم لێدەزانی. لەوانەیە لەبەر باشی مامۆستاکەمان بووبێت".
کۆچەر بیرکار لە ساڵی 2000ـەوە وەک پەنابەرێک چووەتە بەریتانیا و ئێستا لە زانکۆی کەمبریجی ئەو وڵاتە مامۆستایە.
کۆچەر بیرکار جگە لە مەدالیاکە، بڕی 15 هەزار دۆلاریشی پێدەبەخشرێت.
کۆچەر بیرکار، بە گۆڤاری زانستی کوانتای گوتووە، ئەو کاتەی لە زانکۆی تاران خوێندکاریی بەکالۆریۆس بووە چووەتە بەریتانیا و داوای مافی پەنابەری کردووە. ئەو دەڵێت "کاتێک دەچووە ئەو یانە بیرکارییەی لەوێ دەیخوێند، وێنەی براوەکانی خەڵاتی فیڵدز لەسەر دیوارەکانی دانرابوون، سەیریانم دەکرد و بەخۆمم دەگووت، رۆژێک دێت بتوانم یەکێک لەوانە ببینم؟ ئەوکاتەی لە ئێران بووم تەنانەت نەمدەزانی ئاخۆ دەتوانم بڕۆمە وڵاتانی رۆژئاوا".
کۆچەر بیرکار دوای بەدەستهێنانی خەڵاتەکە دەڵێت "هیوادارم ئەو هەواڵە خەندە بخاتەسەر لێوی 40 ملیۆن کورد لە جیهاندا".
خەڵاتی فیڵدز لە ساڵی 1932ـەوەوە دەدرێ بە ئەو کەسانەی لە بواری بیرکاریدا داهێنان دەکەن. خەڵاتەکە لەسەر ناوی زانای بیرکاری جۆن چارڵس فیڵدزی کەنەدی ناونراوە.