Рет қаралды 7,679
لینكی بهشی دووهم - • Diwani Awni Bashi Dw د...
عەونی ناوی تەواوی عوسمان کوڕی حەبیب عەبدوڵڵایە و یەکێکە لە شاعیرەکانی نەتەوەی کورد. لە ساڵی ١٩١٤ لە گەڕەکی بەفریقەندی شاری کۆیە لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٩٢ کۆچی دوایی کردووە.
عەونی شاعیر درەنگ چووەتە بەر خوێندن، لە ساڵی ١٩٢٧ دەستی بە خوێندن کردووە و لەبەر ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەی قوتابخانەی بەجێ ھێشتووە و لە دوکانی باوکی کاری کردووە. سەرەڕای ئەمەش وازی لە خۆ پێگەیاندن نەھێناوە و ھاتوچۆی حوجرەی فەقێیانی کردووە و لە مزگەوتی حەتک لە لای مەلا محەممەدی مەلا برایمی عەوداڵانی ناسراو بە "دلاوەر"ی شاعیر ھەندێ دەرسی ئایینی وەک (العقائد) و (الشرع)ی خوێندووە لەگەڵ ڕێزمانی عەرەبیدا. دوای ئەمەش بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک زمانی فارسی لەلای مەلا ئەحمەدی ڕەش خوێندووە و بە چاکی فێری زمان و ئەدەبیاتی بووە.
دوای دەست ھەڵگرتنی لە خوێندنی مزگەوتیشی ھەندێ لە برادەرە دڵسۆزەکانی وەک (میرزا عەبدولکەریم) و (محەممەد حەوێز)ی ناسراو بە حەمەڕەش کتێبەکانی خوێندنی پۆلی شەشەمیان پێ تەواو کردووە. لە ڕێگەی خۆ پێگەیاندنیشەوە جگە لە زمانی کوردی کە زمانی خۆیەتی، بە چاکی فێری زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئەدەبیاتەکەیان بووە بەھۆی چەند مامۆستایەکی کورد پەروەر و ڕۆشنبیری وەک ساڵح قەفتان و عەلی ئاگا و و عەبدوڵڵا عەزیز و ڕەمزی ڕەحیمی ناودار بە (مامەند کەرکووکی) و خالید سەعید، توانیویەتی ھەست بە مانای کوردایەتی و گیانی نەتەوایەتی بکات چونکە ئەو کوردپەروەرە بەڕێزانە دەورێکی باڵایان ھەبووە لە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی نەتەوایەتی کورد لە ناو قوتابیانی شاریی کۆیە و ھەر شارێکی دیکەی کوردستان کە مامۆستاییان تێدا کردبێت.
خەباتی ڕامیاری
ھەر لە سەردەمە زووەوە واتە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠ کاندا عەونی چووەتە ڕیزی ھەڵگرانی مەشخەڵی کوردایەتی و چالاکانە بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزە تێکۆشاوە و دوای دامەزراندنی حیزبی ھیوا، لە سەرەتای ١٩٤٠کاندا بووەتە ئەندامێکی چالاکی ئەو حیزبە کوردییە تاکو پتر خزمەتی نەتەوەی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەی بکات. تا ئەو حیزبەی ھیوا لە تێکۆشاندا بووە عەونی وەک ئەندامێکی چالاک و دڵسۆز ئیشی تێداکردووە، تا لە ساڵی ١٩٤٦دا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراوە. ئینجا کەوتووەتە پاڵی و بووەتە ئەندامێکی کارای ئەو حیزبە.