Рет қаралды 1,179
شامراد موشتاق ناسراو بە شامی لە ساڵی 1917 لە کرماشان لەدایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لە ئەنجامی نەخۆشی ئاوڵە هەردوو چاوی کوێر بووە، منداڵ بووە کە دایکی کۆچی دوایی کردووەو هەر تەمەنی دوازدە ساڵ بووە کە باوکی کۆچی دوایی دەکات و مامۆژنی دەیگرێتە خۆی و پەروەردەی دەکات و دەینێرێتە لای حاجی ئەمانوڵڵای موعتەزیدی و لەبەر ئەوەی نابینا بووە لای ئەو خێرخوازە چێژی زۆری لە شیعرو گۆرانی و مۆزیکی ئەو سەردەمە بینیوەو بەهرەی شیعری تیا دەرکەوتووە، شیعرەکانی ئەڵماس خان و غوڵام رەزای ئەرکەوازی و سەید ساڵحی نیعمەتوڵڵا کاری تێکردوەو توانیویەتی نیوەدێڕی شیعرەکان تەواو بکات.
ژیانێکی پڕ لە کوێرەوەری و هەژاری بینیوەو لە زمانە شیعریەکەیدا رەنگی داوەتەوەو زۆر لە شیعرەکانی فەوتاون لەبەر ئەوەی نەنووسراونەتەوەو وەک خۆی دەڵێت زۆریانی بیر چوەتەوە. شیعرەکانی کە ماون هەرچەندە بە ژمارە کەمە و زۆربەی کێشی سیلابی و دە بڕگەیی و خۆماڵیە، بەڵام لە رووی هونەریەوە زۆر بەهێزە، شیعرە عەروزیەکانی شامی نموونەیە لە ئەدەبی نوێگەری ئەو ناوچەیەدا.
شیعرەکانی وێنەیەکی راستی ریالیزم دەخاتە ڕوو، بە تایبەت شیعری کرانشینی (کرێچێتی) بە یەکێک لە شاکارە شیعریەکانی دادەنرێت و زۆربەی خەڵکانی ناوچە کەلهوڕ نشینەکان ئەو شیعرەیان لەبەرەو زۆربەی ئەو شیعرانەی تری کە ماونەتەوە لەسەر کاسێت تۆمارکراون و لە کۆکردنەوەو بڵاو کردنەوەی شیعرەکانیدا ماجیدی روحانی و هەژاری موکریانی رۆڵی گەورەیان بینیوە.
شامی لە هاوینی ساڵی 1987 لە کرماشان کۆچی دوایی کردوەو هەر لەوێ نێژراوە.
www.kurdistan24.net/so/qelende...