Рет қаралды 21,020
کتێبی دەنگی ـ پاسەوانێک لە مەزرا ، ئەو ڕۆمانەی وای لە بەختیار عەلی کرد ببێتە نوسەر!
چی وای لێ کرد ببێت بە نووسەر؟ بەختیار عەلی خۆی وەڵام دەداتەوە
خەڵک
لە وتارێکدا کە لە مانگی حەوت-ی ساڵی ٢٠١١ـدا بە ناوی "لەنێوان دوو پاڵەوان و دوو نەوەو دوو سەردەمدا" بڵاوی کردووەتەوە، بەختیار عەلی، نووسەر و ڕۆماننووس، تیشک دەخاتە سەر ڕۆمانی "پاسەوانێک لە مەزرا"ـی سالنجەر، کە وای لێ کردووە بیر لەوە بکاتەوە ببێت بە نووسەر.
لە بەشێکی ئەو نووسینەدا، بەختیار عەلی دەنووسێت: "حەزدەکەم ئێستێک بکەم و کەمێک بگەڕێمەوە بۆ دواوە، بۆ ڕۆژانی گەنجی خۆم، بۆ سەردەمانێک کە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی سالینجەر «پاسەوانێک لە مەزرا»ـم خوێندەوە. ئەو دەم کە ڕۆمانەکەم خوێندەوە تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو، هێشتا هیچ شتێکی ئەوتۆم دەربارەی ناوبانگ و گرنگی «هۆلدن کۆلفیلد» «پاڵەوانی ڕۆمانەکەی سالنجەر» نەدەزانی... بەڵام بەجۆرێک پێی سەرسامبووم کە دەکرێت بڵێم ئەو ڕۆمانە یەکێک بوو لەو کتێبانەی بڕیاریدا بیر لەوە بکەمەوە ببمە نووسەر."
دەشنووسێت: "ئەو ڕۆژە کە لەگەڵ کچەکەمدا له هۆڵی سینەماکە له تەماشای فیلمی «یاداشتەکانی گیرگ» هاتمەدەرێ، تەنیا شتێک له خەیاڵمدا بوو، بەرواردکردنێکی نێوان «گێرگ» یان «گریگۆری هێڤلی» بوو لەگەڵ «هۆلدن کۆلفیلد»ـدا، ئەو پاڵەوانەی ئەمڕۆ کچەکەم پێی سەرسامە لەگەڵ ئەو پاڵەوانەدا کە ئەودەم من پێی سەرسام بووم، کە بۆ خۆی نیشانەی جیابوونەوەی دوو دونیاو دوو نەوەیە لەیەکدی... ژیانی گێرگ له(ژونیۆر هایسکوڵ)، لەگەڵ ژیانی هۆلدن کۆلفیلدا له بەشی ناوخۆیی «پێنسی پرێپ»ـدا لێکچونی زۆریان هەیە، هەردووکیان بە مانایەک له ماناکان دوو مێردمنداڵی تەمەڵن و ناتوانن ئەو چاوەڕوانییانە تێربکەن کە گەورەکان هەیانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گێرگ ناتوانێت هۆڵدن کۆلفیلد بێت، خاڵی سەرەکی جیاوازی نێوان کۆلفێلدو گیرگ ئەوەیە کە کۆلفیلد بە جۆرێک له جۆرەکان کاراکتەرێکی سیاسییە. کۆلفیلد گەنجێکی نەخۆشترو نائارامترو تەنهاترە، کەسێکە بەڕاستی لەگەڵ دیوی تراژیدی تراژیدیاکانی خۆیدا دەژی، بە پێچەوانەی گێرگەوە کە تەنیا دیوی کۆمیدی تراژیدیاکانی خۆی دەگێڕێتەوە. گێرگ توشی کێشە دەبێت، بەڵام کێشەکانی خۆی تەنیا له سنووری کێشەی «دایک و کوڕ» «براو برا» «خوێندکارو مامۆستا» دا دەبینێتەوە، ئەو چیرۆکانەش بۆیە دەگێڕێتەوە تا هەموومان پێبکەنین...
حیکایەتخوان لێرەدا کۆمیککارە، هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە کار لەبری هەستی ڕەخنەیی بەرامبەر بە کۆمەڵگا، پێکەنینمان تیا دروستبکات، پێکەنینێک کە دەمانخاتەوە ناو سیستم و شتەکانمان لا سادە دەکاتەوەو لەگەڵ دونیادا ئاشتمان دەکاتەوە. گیرگ ناتوانێت هیچ مانایەکی گشتی لەو هەڵوێست و ڕووداوە ناخۆشانەدا بدۆزێتەوە کە بەسەریدا دێن، هەوڵ دەدات لەگەڵ کێشەکاندا بژی، بە کەمترین زیان لێیان دەرچێت، له کێشەی شەخسی خۆشی زیاتر هیچی دیان تێدا نابینێت. واتە گیرگ ئاواتی ئەوە ناخوازێت له دونیایەکی تردا بژی، بەڵکو زۆرجار ئاواتی ئەوە دەخوازێت دایکێکی تری هەبایە، هاوڕێیەکی تری هەبایە، برایەکی تری هەبایە، له خوێندنگایەکی دی بایە."
بەڵام لای سالێنجەر بە پێچەوانەوە کۆلفیلد هەموو ئەو گرفتانەی هەیە، هەموو ئەو جۆرە ئاواتانەشی هەیە، بەڵام ئازاری هەرە گەورەی کۆلفیلد ئەوەیە ناتوانێت بەوجۆرە پێبکەنێت، جیهانێکی «موزەیەف» هەیە کە دەیبینێت. وشەی «زەیف» وشەی هەرە سەرەکی ناو رۆمانەکەی سالێنجەرە. کۆلفیلد بەڕاستی هەست بە قەیرانی خۆی دەکات و دەزانێت کەسێکە لەگەڵ دونیادا ناگونجێت، له هیچ خوێندنگاو بەشێکی ناوخۆییش جێگای نابێتەوە، ناتوانێت ئەوە بێت کە داوای لێ دەکەن، بە چاوێکی ڕۆشنیش زەیفی دایک و باوک و خوێندکاران و مامۆستاکان و کچانی دەوروبەری دەبینێت، بە هێزێکی ناوەکی بێوێنەشەوە گاڵتە بە دونیا دەکات، دەیەوێت بڕوا بۆ دوورو ببێت بە پاسەوان له کێڵگەیەکی دووری جۆدا، تاکە کەسێکیش کە پاک و ڕاست دەیبینێت و غەمی بۆ دەخوا خوشکە بچوکەکەیەتی.
دەشڵێت: "ڕۆمانەکەی سالینجەر لە ساڵی 1951ـدا نوسراوە، له شەست و حەفتاکاندا کە بزوتنەوەی هیپییەکان له ئەمهریکا سەری هەڵدا، یەکێک له دروشمە سەرەکییەکان ئەوەبوو «هەموومان هۆلدن کۆلفیلدین»... کۆلفیلد بۆ نەوەی ئێمە بە گشتی، نموونەی ئەو مێردمنداڵەبوو کە خێزان و قوتابخانە دەیپلیشێنێتەوە، بەڵام گاڵتەجاڕانە سەیری هەموو شتەکان دەکات، خۆی نادات بەدەستەوە، ڕەخنەگرانە دەبینێت. ڕاستە نەخۆشە، بێشوێنە، تێکشکاوە، بەڵام بە قێزیشەوە سەیری هەموو ئەو دونیایەی دەوروبەری خۆی دەکات. کۆلفیلد ئەو مرۆڤەیە کە هێشتا دەتوانێت گاڵتە بە دونیا بکات، بە پێچەوانەی گیرگەوە کە لەبری ئەوەی ئەو بە دونیا پێبکەنێت، دونیا بەو پێدەکەنێت و خۆشی لەگەڵ دونیادا بە خۆی پێدەکەنێت. گیرگ نموونەی ئەو مرۆڤە مۆدێرنە تاک ڕەهەندەیە کە ناتوانێت له کێشە تایبەتییەکانی خۆیەوە جۆرە جیهانبینییەکی گشتی درووست بکات، ناتوانێت بە دونیاو سیستمی خێزان و سیستمی خوێندن بڵێت نا، بەڵکو دەبێت لەگەڵیاندا بڕوات و منداڵیی خۆی و ستەمی سیستمەکە بە جۆرێک له جۆرەکان پێکەوە بگونجێنێت. کێشەکە لای ئەو دایک و براکەیەتی نەوەک سیستمی خێزان. بە کورتی تراژیدیای هۆلدن کۆلفیلدو ژیانی ناخۆشی بەرەو ڕەتکردنەوەی تەواوی سیستمی دەبات، سیستم بە هەموو دەرکەوتەکانییەوە، بەتەواوی ئەو کولتوورەوە کە له خوێندن و خێزان و خۆشەویستی و هاوڕێیهتیدا درووستی کردووە، بەڵام لای گێرگ شتێک نییە ناوی موزەیف بێت، بەڵکو کێشەکە کێشەی خۆگونجاندن و چارەسەرو فێڵی بچوکی رۆژانەیە."
جێگەی ئاماژەیە، ئەو ڕۆمانەی سالنجەر، بەناونیشانی "پاسەوانێک لە مەزرا" لەلایەن ژوان جەلالەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.